تابلۆی یەکەم
(( هەموو لە چاوەروانی خوا و جیهان دەچین ))
_ باوکم لە داربەروو دەچێ .
دایکم لە گوڵەگەنم دەچێ .
باوکم لە دارە بەن دەچێ .
دایکم لە کۆی شکۆفەکانی ئەرز ئەچێ .
دایک و باوکم لە ئەستێرە و ڕۆژ و مانگی وەڵاتەکەم ئەچن .
باوکم لە ئادەم ئەچێ ، دایکم لە حەووا ئەچێ .
باوکم لە چاوەروانی خوا ئەچێ ، دایکم لە چاوەروانی جیهان ئەچێ .
هەموو لە چاوەروانی خوا و جیهان ئەچین . _

?
18 – حەسەنی شێخەی
سەفەری نەخوازراو
لە ناو تەنگ و چەڵەمەی ژیاندا ، لە ناو دارستانە سەربەرزەکاندا ، لە پەنا گوڵەگەنمەکاندا ، کورێک لە دایک دەبێ و ناوی دەنێن حەسەن ، گوڵە گەنمەکان لە هەموو کاتەکانی ژیاندا ، هەر ئێستاشی لە گەڵ بێ ، یاریدەر و هاورێی ئەو بوون .
گوڵە گەنمەکان ئاوێتەی دەبن و تێکەڵاوی ئەندێشە دەبن و قەڵەم وەرێ دەکەوێ ، گوڵەگەنمەکان ئاووس دەبن و مام حەسەنەکانیش دێنە دی و لە بەرزایی ژیانەوە بەرەو شیو ، دۆڵ و کێو و کەژ و . . . باڵ دەگرن و ژیانی پڕ لە گەورەیی و سەربەرزی پێک دێنن .
وەرێ کەوتون هەر چەند غەمی نانی سبەی ، ئەوڕو لە بیر دەبەنەوە ، شەو دێ و ڕوژ دەبێتەوە ، بەڵام هەدادان نیە و گەورەیی هەر بەردەوامە ، یەک چرکە دابەزین نیە ، دەرۆن ، دەرۆن بەرەو کوێ ؟ بەرەو دونیای ڕون .
کەم نین ، ئەو کەسانەی کە بوێری و لە خۆ بردویی و حەماسەکانیان بونە هەوێنی ئازادی گەڵان ، وەک مۆم تواونەوە ، تا کوو ئیستبدادی رەش بتوێننەوە ، بۆیە ئەبێ مێژو سەری رێز و حورمەت لە بەرابەر ئەو کەسایەتیانە دانوێنێ و شانازیان پێوە بکا .
ئێمەش ئەرکی سەر شانمانە کە لاپەرەکانی مێژو بە یاد و بیرەوەریەکانی ئەو کەسایەتیانە برازێنینەوە .
مام برایم لە ئەشخەڵەگوێز را وەڵام بۆ مام حەسەن لە قۆڵەسوێرو ، باوکی خاتو پیڕۆز ، دەنێرێ :
حەسەنی کورم وەختی ژن هێنانیەتی ، پیڕۆزی کچیشت گەورە بووە ، هەر دووک نەو نەمامن با ژیانێکی ئاسایی پێک بێنن .
مام حەسەن وەڵام دەداتەوە :
دە باشە کوری مەش گەورە بووە کچی ئێوەش هەر وەها ، چە باشتر چوار دڵ لە یەک نێزیک کەینەوە .
مام برایم و مام حەسەن هاورا دەبن و ژیان کاتەکان تێدەپەرێنێت و . . .
? مام حەسەن و پیرۆز خان
لە سێبەری ، شۆڕە ئێوارێکی پۆشپەری 1350 هەتاوی شنەبایەکی فێنک ، چڵەگەنمەکانی ئەلەرزاندەوە ، تا ئەهات سێبەرەکان درێژتر ئەبوون ، بە هؤی کول بوونی داس ، ئارەقی ناوچاوان و ماندوویی زۆر ، سرنجم لە دەوروبەری خۆم برابوو ، لە پڕ سێبەرێکی گەورە و گران من و گوڵەگەنمەکانی داپۆشی ، کە سەرم هەڵبری پۆتینێکی رەش و تۆزاویم دیت هاتم زورتر ورد ببمەوە چاوم بە لولەی تفەنگێک کەوت ، بە دوای ئەمەشدا قەڵافەتی ژاندارمێک کە لە پەنای دا کەسێک تری رانک و چوخە ی سوور تفەنگ بە دەست راوەستابوو .
پرسیان : کامتان حەسەنی شێخەن
ووتم : من حەسەنم
ووتیان : کە وایە بێ زەحمەت تا ماڵی خۆتان لە گەڵمان وەرەوە ، کارێکمان پێی ، زوو ئەگەرێیتەوە بۆ سەر کارەکەت ، گوتم باشە لە گەڵتان دێم ، کاکم کە لە پەنای من راوەستابوو ، وتی منیش لە گەڵتان دێمەوە ، وتیان پێوەست ناکا تۆ بێیتەوە ، داسەکەم دانا و کەمێک تۆز و خۆڵم لە خۆ تەکاند و دوا ماڵئاوایی لە کاکم و خاڵۆ کەریم ، پێشیان کەوتم .
لە رێگادا هیچ قسەیەکیان لێ نەپرسیم ، منیش دڵم هەزار شتی ئەگوت ، تا گەییشتینە روی مالان ، کە سەیرم کرد ، بە چل پنجا چەکدار دەور و بەری ماڵیان گرتبوو ، زانیم کە پلانێکی گەورە بۆ دەست بە سەر کردنی من دارێژراوە ، بەڵام رێگای دەرباز بوونیشم نەبوو ، کار لە کار ترازابوو .
دوای ئەوەی ئەم بەڵگەیە کە راپۆرتیان لە سەر من دابوو دۆزرایەوە ، ووتیان ئەبێ هەتا سەردەشت لە گەڵمان بێیت ، منیش ووتم ئەم بەڵگەیە پەیوەندیێکی بە منەوە نیە ، بۆ چی لە گەڵتان بێم .
منالەکانم کە هەموو سەر و پێچکە و ورد بوون لە دەوری پیرۆزی دایکیان کۆ ببوونەوە و ترس دایگرتبوون . پیرۆزی هاوسەرم بێ ئەوەی لە هێزە چەکدارەکان بترسێ و شەرمیان لێ بکات ، لێیان هاتە قسە و ووتی : حەسەن بۆ کوێ ئەبەن ، خۆ ئێوە هیچ بەڵگەیەکتان لە ناو ماڵی ئێمە دا نەدیوەتەوە ، ئەو بەڵگانە لە دەرەوەی ماڵی ئێمە دۆزراونەوە ، ئەمەش هیچ پەیوەندیەکی بە ئێمەوە نیە .
بەرپرسی هێزەکان لە وەڵام دا ووتی : نا براژن شتێکی وا نیە ، هەتا سەردەشت لە گەڵمان بێ ، چەند پرسیاری لێ دەکەین و بەیانی زوو دەگەرێتەوە ، جڵ و بەرگی سەفەرم کردە بەر ، لە کاتێک دا خۆر خەریک بوو ئاوا دەبوو ،مناڵەکانم ماچ کرد و ماڵئاواییم کرد ، مناڵەکان هاتنە گریان ، لە راستی دا بۆ خۆشم زۆر دڵم گیرا – سەفەری نابەڵەی ناخۆشە – نەم دەزانی لەو سەفەرە نەخوازراوە دا چەندم پێ دەچێ .
ئەلێن چوونی سەفەر بە دەست خۆتە و گەرانەوەی نا ، بەڵام ئەم سەفەرە نە رۆیشتنی بە دەست خۆم بوو ، نە گەرانەوەی .
ئەشکەنجە ، ئازار ، برسیەتی و سوکایەتی لە شەوی یەکەمی گرتوخانەی سەردەشت را دەستیان پێ کرد ، بەڵام زۆڵم و زۆری چەوسانەوەی ژیانی رابردوم ، وای بار هێنابووم کە دیواری بڵیند و پەرژینی پۆڵایینی پشت پەنجەرەکانی بەندیخانە ، نەی دەتوانی بە چۆکم دابێنێ . هەر کات ئەشکەنجە و ئازار زۆری بۆ دەهێنام لە بەر خۆمەوە دەمگوت ، من تا پشتێند بارستایی بەفری زەردکە و زمزیرانم بریوە و شەپۆلەکانی بە هاژەو سامناکی چۆمی کەڵوێم لە جستان دا لەت لەت کردوون ، سەرمای رەشەبای چیای هومل لە سەر لەشم هەڵبەزیوەتەوە ، کە واتە نابێ بەندیخانە و کەلەبچە بمبەزێنن من حەسەنم حەسەن ، حەسەنی شێخەی .
? 2 – کەریم قادری 3 – عەزیز گردێنەیی 5 – حەسەنی شێخەی
تابلۆی دووهەم
(( باوکم ، باپیرت ، رازەکانی بۆ لای خوا دەباتەوە )) :
مارتیا !
هێندی تەمەنی تۆ ، ویستیان مرۆڤایەتی و ئارامی و ئازادی لە درونی باوکم دا بکووژن .
بەڵام ئەمە لە تاریک خانەی مێشکی مرۆڤە چەق بەستوەکان و ئەهریمەنەکان دا مرد .
ویستیان رازەکانی لێ بستێنن .
بەڵام ئێستاش رازەکانی لای خۆشی نەدرکاندوون و مەرگیش نایان بیسێ ،
هەتا هەتایە وەک راز دەمێننەوە .
لای خواش نایاندرکێنێ .
لە گرتوخانەی سەردەشت شکەنجە و ئازار ئەوەندە زۆر بوو ، بەلامەوە سات و کاتەکان راوەستابوون ، تەنانەت چرکەیەکیشم لێ ببوو بە ڕۆژێک .
دوای چەند مانگ مانەوە لە گرتوخانەی سەردەشت ، لە بەرە بەیانیەکی زوو دا کە کەش و هەوا بەرەو سارد بوون دەچوو ، تاقمێک لە ئێمە کە سەزامان گران بوو ، خەبەردار کراین ، ووتیان ئەبێ لە کاتێکی کورت دا خۆتان بشۆن و ئامادە بن ، بە راستی هەموی ئێمە لە لای خۆمانەوە گوتمان ئەمان بەن بۆ لە سێدارەدان ، چونگە لە پێشودا هیچیان پێ نەگوتبویین .
هەر بە تەری جڵ و بەرگەکانیان پێ لە بەر کردینەوە ، بە و سەرمایە بردیانینە دەرەوە ، دوای ماوەیێک سواری ماشێنێکی ئایفایان کردین و جا ئەمجار گوتیان : ئەتان بەین بۆ زیندانی ورمێ ، بە داخەوە دەرفەتیان پێ نەدابویین کە لە ماڵ و مناڵەکانمان ماڵئاوایی بکەین ، بەرەو گرتوخانەی دەریا کەوتینە رێ ، کاتێک لە شاری پیرانشار تێپەر دەبویین خەڵکی ئەو شارە لە سەر شەقامەکان بە گەرمی پێشوازیان لێ کردین .
لە ئێوارەیەکی درەنگ وەختی دا گەییشتینە گرتوخانەی دەریای ورمێ ، لە وێشەوە لە لایەن زیندانیەکان بە تایبەت زیندانیە سیاسیەکانەوە پێشوازیمان لێ کرا .
دوای مانەوەی نۆ ڕۆژ لە گرتوخانەی ورمێ راگوێزی دادگا کرام ، لە سەر لاپەرەیەکی بێ خەت سەزای پازدە ساڵ زیندانم بۆ برایەوە ، کاتێک بۆوم ئاشکرا بۆ کە ئەبێ 15 ساڵ ژیانی خۆم لە ناو گرتوخانەدا تێپەر کەم هەوری رەشی خەفەت گرانایی خستە سەر شانم و لە ناو تەم و مژی خەم و خەفەت دا ، داهاتوی ژیانی مناڵەکانم لێ ون ببوو ، داهاتوی نادیاری ژیانی ماڵ و مناڵەکانم بۆ من لە سەزای 15 ساڵ زیندان گرانتر بوو .
? 1 – مەلا مەحەممەدی نێوچوانی 2 – عەبدوللای ئیختیاری 3 – کەریم قۆنبەلە قادری 4 – حەسەنی شێخەی 5 – 6 – ئەحمەدی سالحی 7 – 8 – فەتاح بەروەیی 9 – حەسەن جانداری 10 – عەلی رەحیمی 11 عەلی نیکدوست
بە راستی ئەو سەزایە گەمارۆیەکی هەمو لایانە ، بۆ سەر بنە مالەکەم بوو .
بەڵام لەو باوەرە دابووم ، کە ئەبو نرخێک بۆ سترینەوەی غەدری رژیمی دیکتاتۆری و پاشایەتی ، لە گەڵانی ئەو نیشتمانە و ئەو چەوسانە بدڕێ وە ئەو نرخەش شتێک نیە جگە لە خوێن و کەلەبچە و زیندان و ئەشکەنجە ، کە ئەوەش ئەرکی سەر شانی هەر تاکە کەسێکی نیشتمان پەروەرە کە ئەبێ بیدا .
ئەوەی کە بۆ ئێمە جێگای دڵخۆشی بوو و هورەی پێ ئەداین ، بوونی گەورە پیاوانێک وەکوو ماموەستا مەلا نەجمەدین کەوکەبی ، مام وەستا فەلسەفی ، مەلا رەحیمی سیسێری و سەعادەت و ئەفشانی و رەحیمی و . . . و زۆر کەسایەتی دڵسۆزی دیکە بوون .
?
? مەلا نەجمەدین کەوکەبی
زۆر جار لە لای ئەو گەورە پیاوانە دادەنیشتین و شتیان لێ فێر دەبوویین و کەڵکمان لە وتە بە نرخەکانیان وەردەگرت .
رۆژ بە رۆژ تا ئەهات هەستم بە کەم و کۆریەک و بۆشاییەک لە ناو خۆم دا ئەکرد ، کە لە راستی دا برست و هێزی بینین و بیستن و بیژتنی لێ کەم کردبوومەوە ، ئەویش قەڵەم و زانست بوو .
تابلۆی سێهەم
مارتیا
?
(( باوکم ، باپیرت ، حەزەکانی لە دار گێلاس دەجوون ))
کاتێ لە بەندیخانەدا ،
قەڵەم ، بوو بە هەموو چاوەروانیەکانی باوکم ،
ئەمن لە ناو تەمەنی خەونەکانی باوکم دا ،
گەرام خست و خەیاڵە گێڵاسیەکانی ، وەدی هاتن و شکۆفەیان کرد ،
بۆن و بەرامەی من ، تەمەنی پڕ لە کوێرەوەری و ناخۆشی ژیانیانی رازاندەوە و
هەستیان بە وە کرد ، کە دوای خانوە دارینە و بچووکەکەمان ،
ئاسمانێکی شینی بێ برانەوە و ئاسۆیەکی پڕ پڕ لە نوور هەیە .
هەستم بە وە کرد کە زاڵمەکان بۆیە لە زانست و قەڵەم ئەترسن ، چونکە لە ژێر سێبەری رەشی نەزانین باشتر ئەتوانن ئامانجە گلاوەکانی خۆیان بەرێوە بەرن وە هەژاران بچەوسێننەوە ، بویە بە هەموو جۆر هەوڵم ئەدا فێری زانست بم .
بە ئامۆژگاری زۆر لە مام وەستایان فێری خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بووم ، کەم تا کورتێکیش فێری خوێندنەوە و نوسینی فارسیش بووم ، فێر بوونی هونەری پێشە دەستیش بەشێکی تر بوو . بەڵام تەمەنی ناوەخت زۆر یارمەتی نەدەکردم ، زۆر جار بە ڵای خۆمەوە ئەمگوت بەشی من لە کاغەز و دەفتەر هەر ئەو لاپەرە بوو کە سەزای زیندانیان بۆ لە سەر نوسیمەوە .
هەر لەو کاتە دا کە ژیانی من بە دیواری بەرزی چیمەنتو و پەرژینی پۆڵایین لە ناو ژووری تاریکی بەندیخانە دا تەنرا بوو ، ژیانی هاوسەر و مناڵەکانیشم بە غەم و خەفەت و بێ نازی باوک داپۆشرابوو ، ئەگەر ژیانی من لە بەندیخانە لە ناو دەفتەرێک دا بنوسرێتەوە ، چەرمەسەری و هەژاری مناڵانی بێ خاوەن لە ناو دەیان دەفتەریش دا جێگای نابێتەوە ، تێشکاو هەتیوە و پێرۆز هەزار بابی هەیە .
بەو پەری خۆشیێوە ، لە گەرانەوەم دا بۆ ناو ماڵ و منداڵ ، بە وە گەییشتم ، کە هەن ئینسان و گەورە پیاو ، کە لە رۆژانی چەرمەسەری و لێقەوماوی دا ، بە هاناوە دێن و جێ پڕ دەکەنەوە .
لە نەبوونی من دا ، برای ئازیزم ، خاڵی بەرێزی منداڵەکانم یاریدەرێکی ، بە جێ و گونجاو بۆ مندالەکانم بوون ، سوپاسی بی سنوور بۆ هەموان ، فەرامۆشی ناکەم و بۆ هەمیشە لە دڵم دا دەمێنێتەوە .
?
خاتو پیروزی هاوسەری کاک حەسەن ئەگێرێتەوە و ئەڵێ : دوای دەست بە سەرکردنی حەسەنی هاوسەرم زۆر کەس بە دەربرینی هەستیان بەشداری خەم و خەفەتەکانمان بوون و لە ئێش و ئازارەکانی ئێمەیان ، کەم دەکردەوە ، زۆر کەس یاریدەری ئێمە بوون لە کاری کشت و کاڵ و ئاژەڵداری دا ، هێندێکیش لە خەڵک پێیان ئەگوتین ماڵی خۆتان خەرا کرد ، گێرانەوەی ئەو هەموو کێشە و گرفتانە هەر بە زار خۆشە .
مناڵەکان لە باوەشی گەرمی باوکیان بێ بەش بوون ، دەمزانی کە لە ناو بڕ و بەهانەی مناڵەکان ، بۆ ئامرازی کایە ، گاڵتە ، خەوو و خواردن ، شتێک خۆی حەشار داوە ، ئەویش نەبوونی باوکیان لە ناو ماڵەکە دایە .
زۆر جار کە مناڵەکانی دراوسێ لە گەڵ باوکیان لە کوڵان و سەربان خەریکی گەشت و گەران و کایە کردن بوون ، من هەوڵم ئەدا مناڵەکانم ئەو دیمەنانە نەبینن هەتا کوو زامی نەبوونی باوکیان ، نەکلێتەوە .
زۆر جار کەسانێک وەکوو عەووللا خدر خەڵکی ئەشخەڵە گوێز باری بۆ راست کردومەوە و یارمەتی داوین .
تابلۆی چوارەم
(( دایکم ، نەنکت ، ناتوانێ رەنج نەکێشێ )) :
( دایکم ژانی دە مناڵی هەڵگرتبوو .
ئەمە تاوانی دایکە حەووا بوو .
کە واتە دایکم ئەبێ رەنج بکێشێ . – ئێمە ئینسانمان لە رەنج دا درووست کرد –
پەیکەرەیەکی ماتەمین ، پڕ پڕ لە رەنج و کێشەکانی ژیان .
ناتوانێ دایکم رەنج نەکێشێ ، لە دەیان ، شەشی شەوە و مەرگ بردنیەوە .
تەنیا و تەنیا ، چوار ماینەوە . )
?
بە راستی منیش بۆ وەی مڵکەکەمان هەر داچینراو بێ و دوژمن پێمان خۆش نەبێ زۆر جار شەووم ڕۆژ کردوتەوە و بە گیان و بە دڵ گەورەیی و . . . حەسەنم پاراستوە ، فایقم لە دارە بەربوتەوە و لە دێ را تا کو شار بە کۆڵمەوە کردوە و بەو هەموو بێکەسیەوە ، خوا کەسی بێ کەسانە ، ئەلحەمدولللا مناڵەکانم پێ گەیاندون و شەرمەزاری خەڵک و ئاو و گەلەکەم نەبوووم .
لە شار زۆر جار کاک عەوولای ئامانە کەبابەکەی بۆ مناڵەکانم ساز کردوە و خوا ئەزانێ رەحمان سەرچکوچ و حاجی حوسەینی باغی چەندیان چاکە لە گەڵ کردووم .
کاتێک مناڵەکان لە دەرەوە دەهاتنەوە ناو ماڵ تەمی پەژارە و خەفەتی باوکی بەند کراویان ، گەشایی چاوەکانیانی دائەپۆشی ، مناڵە گەورەکان ئەیانزانی باوکیان لە بەندیخانەیە ، بەڵام مناڵە کەم تەمەنەکان ، نەیاندەزانی باوکیان لە کوێیە ، بەخێو کردنی پێنج مناڵی ورد لە لایەن دایکیانەوە زۆر دژوار بوو ، بە ڵام دوکتۆر فایقی کورمان ، جوابی هەموو ئەو نەهامەتیانەی داینەوە و ماندویی و رەنجەرویی لێ دور خستینەوە و خوا ئاگاداری بێ لە خزمەت کردن بۆ گەڵ و نیشتمانەکەی .
سەرەرای ئەوانەش ، ئەبو کاری کشت و کاڵ و ئاژەڵ داریش بۆ بژێوی ژیانی مناڵەکانم بەرێوە بەرم سالێک بە سەر گرتنی باوکی مناڵەکان دا تێپەری بوو کە یەکێک لە مناڵەکان بە ناوی موحەممەد ، کە تەنانەت ساڵێک و یەک مانگ بە سەر تەمانی دا تێپەر ببوو توشی نەخۆشی دژوار بوو ، ئەو کات بە هۆی نەبوونی دەواو و دوکتۆر زۆرتر دەوای سوننەتیانبۆ نەخۆشەکان بە کار دەهێنا، بەڵام مەخابن ئەو دەوایانە لە سەر مناڵەکەم کاریگەر نەبوون ، موحەممەد دوای چەند رۆژ گیانی لە دەست دا ، مەرگی موحەممەد کۆسپێکی گەورەی لە سەر دڵمان دانا . بە راستی مەرگی جگەر گۆشە لە کاتێک دا باوکی لە ماڵ نیە ، بۆ دایکی و چوار مناڵی ورد ، زۆر ناخۆش بوو ، بەڵام چارەیەک نەبوو ، ئەبوو ژیان بەردەوام بێت و منیش ئەبوو بۆشایی نەبوونی باوک بۆ مناڵەکان پڕ کەمەوە ، بەڵام زۆر بوون ئەو کەلێنانەی بێ باوکی کە بە دایک پڕ نەدەبونەوە ، بۆ نمونە : لەو سەر دەمەدا داب و نەریت وا بوو کە لە رێ و رەسمەکانی زەماوەند وپرسە وسەرەخۆشی دا هەر بنە ماڵێکیکە بەشداری ئەو رێ و رەسمانە دەبوون ، بە مەبەستی یارمەتی بە بنە ماڵەی ساحەب رێ و رەسم دار سفرە و پێخۆری خۆیان ئەبرد ، پیاوەکان لە شوێنێک وەکوو مزگەوت یا سەربانێکی گەورە کۆ دەبوونەوە و دادەنیشتن ، ژنەکانیش لە ماڵەکان خەریکی حازرکردنی کەل و پەلی خواردن ئەبوون ، هەر کە کاتی خواردنی نان ئەهات ، هەر پیاوێک ، دەبو سفرەی ماڵی خۆی بۆ بچێ ، لەو کاتانە دا ئەمن زۆر غەمگین دەبوم ، چوون کاتێک سفرەکەمان ئەبردرا ، بۆ کۆری نان خواردنەکە ، نەیان ئەزانی لە پێش کێ ی دابنێن و سفرەی دەست لێ نەدراویان بۆ دەهێناینەوە ، ئەوە لە کاتێک دا بوو کە قەت نەمان دەویست ، سفرەکەمان لەو رێ و رەسمانە دا ، کە بە راستی کۆڵەکەی تەبایی و پێکەوە ژیان لەو سەر دەمە دا بوون ، هەڵگرینەوە .
کوڕێکی مام حەسەن دەگێرێتەوە : لە ساڵی ئەوەڵی سەرەتایی ، رۆژێک ماموەستاکەم ئەرکی نوسینەوەی بۆ دانابووین ، کە بریتی بوو لە – بابا آب داد – بە زەینی مناڵی خۆم بیرم کردەوە کە ئەمن باوکم لە ماڵ نییە وە دایکم ئاوم دەداتێ ، هەر بویە دەرسەکەم نەنوسیەوە ، رۆژی دوایی کە چوومەوە قوتابخانە ماموەستاکەم لەوە کە ئەرکەکەم بە جێ نەهێناوە توورە بوو ، چونگە لە هەموو مناڵەکان وردتر بووم ، لە کورسی پێشەوە دانیشتبووم ، سەرم دانواند و بە ئەسپایی گوتم ئاخر ئەمن باوکم لە ماڵ نیە و دایکم ئاوم بۆ دێنێ ، کاتێک ئەوەم گوت ، ماموەستاکەم ، چاوی لێ کردم و هیچی نەگوت ، ئەو ئەیزانی کە باوکی من لە بەندیخانەدایە ، زۆرم پێخۆش بوو ، کە لێی نەدام ، چونگە ئەو سەردەمە لێدان لە قوتابخانە باو بوو ، دوای چەند ساڵ زانیم لە دوایی دا بۆ چی ماموەستاکەم لەو بەشە لە کتێبەکە ئیتر ئەرکی نوسینەوەی پێ نەسپاردم ، ئێستا ئەزانم کە ئەو قسەی من کە لە روی بیری مناڵیەوە کردبووم ، چەندە لە سەر ئەو ماموەستایە کاریگەر بووە .
ئاواتم ئەوە بوو ، کە هەرچی زوتر خوێندنەوە و نوسین فێر بم بۆ ئەوەی بتوانم نامەکانی باوکم کە لە بەندیخانە را بۆمان دەهاتنەوە ، بخوێنمەوە و نامەش بۆ باوکم بنوسم .
ئێستا لە ناخی دڵم دا ئەو باوەرە هەیە ، کە ئاواتی مناڵە چەوساوەکانی بێ باوک و دایک ، لە هەموو دونیا دا ، پڕن لە راستیەکان کە دەبێ ئەو راستیانە ببنە دەنگ و دیمەن ، بۆ ئەوەی گوێچکە و چاوی رەگەز پەرستان و داگیرکەران بکرێنەوە .
ئاواتی ئەو سەردەمەی دایکان و مناڵان بونە ئەو حەقیقەتە کە ئیستبداد رەش و دیکتاتۆرییەتی نگریسی تێک روخاند ، ئاواتی دوێنێی مناڵانی هەڵەبجە و سەردەشت ، بونە ئەو راستیانەی کە سەددامەکانی ، بە چوک داهێنا ، بێ گومان ئاوات و ئامانجی ئەوڕوی مناڵانی شەنگاڵ و کۆبانیش ئەبێتە هێزی لە بران نەهاتووی دوا ڕۆژ و کۆشکی داگیرکەران و تێرۆریستان لە بناغە دێنێ
کاتەکان تێ ئەپەرین ، چرکەکان لە ناو خەم و پەژارە دا گەورە ئەبوون ، ئەبوونە ساڵ و ساڵەکانیش ئەبوونە تەمەنی مناڵەکانی بێ نازی باوک ، ئەوەی بۆ مناڵەکان ، ژان و ئازار و بۆشایی بوو ، نەبوونی کەل و پەلە پێداویستیەکانی ژیان نەبوو ، مناڵەکان تامەزروی باوەشی باوک بوون ، ئاواتەکانیان ، بە کایەی رەورەوە و بوکێن و گوێزین ، وەدی نەدەهاتن .
زۆر جار هەواڵی ئازاد بوونی مام حەسەن ئەهات و بنەماڵەکەی شاد ئەبوون ، بەڵام لە دوایی دا ، دەر ئەکەوت ئەو هەواڵە راست نیی .
تابڵۆی پێنجەم :
_ بۆ مارتیای کورم
باوکم ، باپیرت ، دۆزەخی بوو :
گوڵەگەنمەکان دۆزەخین .
باوکیشم دۆزەخی بوو .
کاتێ بیری لە خواردنیان دەکردەوە ، وەک باوکە ئادەم ،
لە بەهەشتی خاو و خێزانیەتی ، دوور خرایەوە و خرایە دۆزەخەوە .
بە بارتەقای هەموو ساڵەکانی منالیم ، لەم دۆزەخە دا خوای دەخوێندەوە .
پێنج ، پێنج ساڵ سپاسگوزاری ئەیوبانە و
پێنج پێنج ساڵ لە ناو چاڵاوی ماسیە گەورەکە دا ،
یونسانە دوعای پیرۆزی دەخوێندەوە .
لە یەکێک لە ڕۆژەکانی مانگی خەرمانانی 1355 هەتاوی هەواڵی ئازاد بوونی مام حەسەنی شێخەی لە ناوچەی سەردەشت دەنگی دایەوە ، بوو بە مایەی خۆشی و شادمانی بنەماڵە و خەڵک و هەواڵانی .
مام حەسەن ، بەندیخانە بە یەکێک لە شانازیەکانی خۆی ئەزانێ ، چونگە لەو باوەرە دایە ، کە ئازادی هەر گەڵێک لە پێناو خوێن و زیندان و کەلەبچە و کۆچ دا بە دی دێ .
ژیانی ئەوروی مام حەسەن تێکەڵە لە گەڵ کشت و کاڵ و وەرزێری ، لە پەنا ئەوەش دا زۆر ئاوات و ئارەزوی دیکە . . .
دواهەمین تابلۆ
((( باوکم ، نەنکت ، لە چاوەکانی تۆ و خەونەکانی من دا خەویان لێ کەوتووە ))) :
_ کانیاوی یادەکانی تەمەنیان کورت بۆتەوە ،
پیری ، شێعری شەوانی دڵداری و دڵە خورپەی جێ ژوانی ، لێ وەرگرتوون .
ئارام ئارام لە باوەشی هەموو تەمەنیان دا ، خەو دەیانباتەوە
منیش ئەمشەو پێنوسەکەم خامۆش ئەکەم .
بەڵکوو قەڵەمی خوا بیاننووسێتەوە و شاد و ئارام باوەشێنی دەرونیان بکات و بە بەهەشتی خۆی شادیان بکات . _
دواهەمین تابلۆ
((( باوکم ، نەنکت ، لە چاوەکانی تۆ و خەونەکانی من دا خەویان لێ کەوتووە ))) :
_ کانیاوی یادەکانی تەمەنیان کورت بۆتەوە ،
پیری ، شێعری شەوانی دڵداری و دڵە خورپەی جێ ژوانی ، لێ وەرگرتوون .
ئارام ئارام لە باوەشی هەموو تەمەنیان دا ، خەو دەیانباتەوە
منیش ئەمشەو پێنوسەکەم خامۆش ئەکەم .
بەڵکوو قەڵەمی خوا بیاننووسێتەوە و شاد و ئارام باوەشێنی دەرونیان بکات و بە بەهەشتی خۆی شادیان بکات . _