ویرگول
ورودثبت نام
زانا کوردستانی
زانا کوردستانیمردی گمنام عاشق لیلا و رها...
زانا کوردستانی
زانا کوردستانی
خواندن ۱۱ دقیقه·۱ سال پیش

هەنار موفتی

خاتوون "هه‌نار موفتی" شاعیریکی کورد، دانیشتەجێ لە شاڕی "فێر" لە وڵاتی ئاڵبانیایە.

(۱)

نەگەواڵەی هەوری زستان

نە بارانیش تەڕم ئەكا

خۆم کە مەیلی فڕین نەكەم

پێویست بە پەڕوباڵ ناكا

ڕقم هیندە گەورە بووە

گەردون بەشی هەموی ناكا

نهێنی دڵ بۆ كێ باس كەم

دڵ متمانە بە كەس ناكا

كە لەژێر باری هەتاو بی

بەفر چۆن كێو دروست ئەكا

كە دڵ تۆزی گومانی گرت

ئیتر باوەڕ بە تۆش ناكا

(۲)

كەسێ نەبوو

لەگەڵ ژیان ئاشتم كاتەوە

هەستێك نەهات دەستم بگرێ

لەگەڵ ریتمی شەپۆلەكانی

چارەنوس

ترپەی دڵم رێك خاتەوە

دڵ خۆشەویستی تیا نەما

لە یار رەنجا

دوو دڵیشم لەنیشتمان

وەك كەرەواڵە لەبەرزی

بۆ وێرانەی خاك ئەروانم

دەستەكانم ووجودیان نیە

ساردی و گەرمی هەست پێناكەن

قەدەرەكان روو لەئاسمان

بوون بەهەڵۆ

چاوی تیژیان بریوەتە ئاسودەیی

گۆشتیان ئەخۆن

گێژەڵوكە لەناو هەناوی سروشتە

سەما ئەكا

بەهیچ یاسایەك رێك ناخرێ

توڕەیی (با)

چاوەكانم ماندو ماندوون

بەو شیعرە تەواو نەكراوەی

لەئامێزی دابڕانە خەفە كرا

هەواڵدارنی شیعریشم چاویان كزو

سەریان پڕ ئێش

چیتر حەوسەڵەیان نیە

بیخوێنەوە شیعری بێ چێژ

وام نیازە ببمە باسهۆ

شیعرەكانم كورت كەمەوە

لەناو دوو دێرو كەوانە

بیانهۆنمەوە وەك دوو پرچ

یەكیان بۆ من

ئەوی تریان بێ بەهی تۆ

(۳)

هیچ نابینم

جگە لە دڵشكانی خۆم

نە زەردەخەنەی نەورەسێك

نە سەمای پەروانەیەک

نە هەڵاتنی خۆرێكی نوێ

هیچ نابینم

لە هاڵاوی ئەو سەرابە

جگە لە زستانێكی تینوو

بەهارێكی بێڕەنگ و

هاوینێكی بێ شنە و

پاییزێكی  ماتەمگێڕ

هیچ نابینم

ئەمێستا بۆ من

كابوسێكی بەردەوامە

ئەبێ خۆم كۆكەمەوە

ئەو شپرزەیەی ڕۆحم وەلانێم

هاتنی سپێدەیەك ئەوکاتەیە

گزنگی خۆزگەم، لە هەناوی نووتەکدا نووقڵانەی سەحەرێکی نوێم بداتێ

تۆ لە داهاتوو من گەرێ

هێندە گەش بین نیم

پریاسكەیەك لە كراسی ڕابوردومی

دادڕیوە

خۆشبەختی مشتێ لە پێكەنین و گۆرانیەكی شیرین و

كراسێكی سوورو

سوراوێكی تۆخ نیە

كەدڵ پڕ بوو

زیاتر پەنا بۆ ئەوانە دەبرێت

تا سەبوری وێرانەی ڕۆحی پێبدرێتەوە

ڕۆژەكان نووقمی خەون 

ژنە بەجێماوەکانی پاشماوەی ئەنفال

چاوەڕوانی ئەچنەوە

بۆیە پەنجەرە جێناهێڵن

تا  ڕۆژی قیامەت رۆح لەبیابانی

عەر عەر دێتەوە

شەقام سواوە لە پیاسەی گەنجانی گیرفان

بەتاڵ مەحروم بوون لە گەنجیەتی

پاڕكەكان پڕن لە گفتی درۆی عیشق

هەر خەیاڵ پڵاو ئەچنن

تۆ لە نیشتیمان گەرێ

ئاخ... نیشتیمان

چۆن تۆیان كرد بەسۆزانی

هەر ڕۆژە و لە باوەشی یەكێكە

ئەوەتانێ ڕووتییەتی لێ دەڕژێ

بۆنی قژو

بەرامەی سنگ و مەمكی

دەبەشنەوە

ئەی مخابن بۆ نیشتمان

چۆن سیاسیەكان ئابرۆیان برد

من ڕاهاتووم

لەوەتەی هەم

لەنێو بولێل و كازیوە

بۆ وێرانەی شاری ونبووم ڕادەمێنم

بەدوای تڕاویلكەیەكدا

گومان دەچنم

ئەزانم ئێوارەیەك  دیتەوە

بەحوزنەوە ئەمگریتە باوەش و

هەر بۆ ڕەنگ كردنی ژیان

داوای سەمایەكی غەجەریم لێدەكەی

تۆ پێم بلێ

كلیلی ئەو دەرگا داخراوانەی ژیان

لای كێیە

لای تۆ نەبێ؟

لەدوای سەفەری من

سەفەری بێ وەسییەتنامە

دوا ڕوانین و دوا حەسرەت

دوای ئەو هەموو دڵڕەنجانە

ئاخۆ میعادی سەفەرم

کێ دەخاتە پێکەنین و

ئێشی برینێکی ئەبەدی

بۆ کامان دەکاتە دیاری؟

(۴)

نە جەژنمان لەجەژن چوو

نە نەورۆزو وەرزی بەهار

نە جلێكی تازەم پۆشی

نە ماچێكی سەر كوڵمی یار

نەسفرەو خوانی ڕازاوە

نە كاسە چێشتی دراوسێ

نە دڵی منداڵان خۆش بوو

نە جەژنانەیان درا پێ

نەهاتوو چوو میوانداری

نە ماچ و گەردن ئازایی

نە ئەوەی خۆشم وویست هات

نە گوڵیشی نارد بە دیاری

نەسەدای قورئان و مزگەوت

نە نوێژی جەژنی لێكرا

لبیك اللهم هم لبیك

بۆ گەوری خوا نەوترا

(۵)

من لە خەونە كابوس و باڵە تاریكەكانی

شەو ناترسم

وەك چۆن لە ڵالبونی زمانی رشدو ناشیرینی مرۆڤەكان ڕاهاتووم كە لە تاریكیدا ئەدوێن

من لە تاڵە سپیەكانی پرچم شەرمم نیە

تاڵ بەتاڵ دامپۆشیوون لەژێر سەرپۆش و میحرابم

من لە خەڵوەتدام بۆ كۆكردنەوەی ئەو دەنكە دەسبێحە ڕژاوانەی دایكم

بۆ تۆبە كردن لە كفرو گوناحم

من بە مەودای بینینی چاوەكانم لە ئاسمان ڕادەمێنم

مەودای میحنەتیەكانم لە ساڵانی تەمەنم زۆرترن

لێ نزاكانم چەق بەستوون

دیدە ڕەشبینیەكانم ئۆقرەیان لێ هەڵگیراوە خودایە

لە بێدەنگی تۆ زۆر ئەترسم.

(۶)

وا ئەمشەویش جوڵەی عەیشقت

لە رۆحمدا شەپۆل ئەدا

بێ ئەوەی یەك تۆز غافڵ بم

نزیكم لە زكرو تەقوا

وا ئەمشەویش وشەكانم

موتوربە ئەكەم بەنزا

ئەبم بە خەڵوەتگەی دەروێش

بە پەرستگا

هەر بەناوە جوانەكانت لێت دەپارێمەوە

یا اللە

(۷)

چیت لێم ئەوێت لەوە زیاتر

ئەی نیشتمان

شەوێك نەتهێشت سەر بكەمە سەر باڵت وتێر تێر بنووم

ڕۆژێك نەتهێشت خۆم لەئاوی ئازادیتا هەڵبسوم  و غوسڵی ماندوو بونم بشۆم

جارێ نە تهێشت

نۆبەرەی مێوەی گەیشتوی خەرمانی ماندو بون بخۆم

بێزار بوم بێزار نیشتمان

(۸)

هەر لەناو ئاوێنەی خەیاڵ

ئەڕۆمەوە باغی گشتی

ئەلێم سەد خۆزگەم بەجاران

دەستم ئەخستە نێو دەستی

(۹)

بەس تۆ شەڕم لەگەڵ مەكە

من ڕاهاتووم بەرهەڵستكارێكی ئازام

بۆ ڕوو بەڕووی دوژمنانم

بەس تۆ شەڕم لەگەڵ مەكە

براوەش بم لەگەڵ تۆیا

هەر دۆڕاوم

(۱۰)

ئەی شەوانی تاریك و تەنیایی ڕۆحم

دە لێمگەرێ

با ژنبوونم خاڵی نەبێت

لەو كەسەی كە خۆشەویستی لەنێو دڵمدا ڕواوە

حەسرەتەكانم وون مەكە

لەناو باران و زریان و تەپ و تۆزی ڕەشەباوە

سینەم پڕ لە وەرزی ئەوین

دڵم بۆ كرد بەهێلانە

كەچی ئێستاش سەری كاسم هەر جەنجاڵەو

چاوم مەیلی لەگریانە

زۆر ئەترسم تەمەن كورت بێت

نەگرێتە خۆی زامی پڕ سوێی ئەوشەوانە

(۱۱)

شەوانە، شین

بۆ گەڕانەوەت دەگێڕم

چاوم کەیلی وەنەوز دەبێ

بەو ڕێگایانەدا دەچمەوە

تەنها شکستم لێ چنینەوە!

هەندێکیان، لە یادگەمدا فڕیوون و...

ئەوانی دی، وەکو تەونی جاڵجاڵۆکە

لە ئەندێشم ئاڵاون

ئێستا

خەم بۆ ئەو زەمە دەخۆم

دڵم چەشنی گوڵە داودییەکانی سوهراب بوو

بۆیە ناچارم

بەوەی نهێنییەکان

لەوێدا بنێژم

ئیتر ڕێگەنادەم

با... پەنجەکانی لەناو قژمدا بگەڕێ

ملی ڕێگایەک ناگرم

یاری مارو پەیژەی تێدا بکرێ...

ئەوە منم

بۆ ئەوەی دەستی تەوقە درێژ نەکەم

گیرفانم، دەکەمە ماڵێک بۆ پەنجەکانم

ڕوانینم، لە پاییز خەسار ناکەم...

تا سەرنجم نەچێتەوە ماڵی وەرین

بەدەم ڕۆشتنمەوە

نە بۆ قافییەی کۆتایی شیعرو..

نە بۆ نوقتەی سەری دێڕێکی نوێ دەگەڕێم!

ئێستا خۆم بەخۆم دەڵێم یاخیبە

کەچی هەر خۆم

بە پۆشاکێکی نوێی سەماوە

هاتووم، جوانترین سەمای غەجەریت بۆ تێکەڵ بە پێکی ئەمجارە بکەم

ئەفسووس ترسم هەیە

ئەوجارە قەدەر

بەکام تاشە بەردم دادەدات!

من وەجاخی ڕوونی شکستم

بۆیە لەژێر باڵی هەورێکی یاخیدا کەوتمە خوارێ

بۆیە نەفرەت لە

تۆی هەوەسباز و

ئەوی دەستەمۆ و

منی تامکردووی کەوتن دەکەم...

ئێستا چاوەکانم

جگە لە غەوری گومان

هیچ نابینن

بۆیە ئێوارە دادەگیرسێنم

تائەستێرەیەک بێتەدەنگ و...

شەبەنگێک،

وەنەوز لەچاومدا تاڵان بکات

دەبێ فێربم

بۆ ئەوەی بچمە بەهەشت

دەبێ دەرگەوانی (ڕەیان) باشتر بناسم

دەبێ بەو ڤۆدگایە ڕازی نەبم

لەسەر مێزی ئەوانەیە

خۆشەویستیان لە شەوە سورەكاندا ڕەزیلکردووە

دەبێ قاچەکانم

لەنێو ڕووباری ڤۆدگادا غوسلی ئەو گەڕانەیان لێ دەرکەم

کە بۆت گەڕان

دەبێ، لۆگوی مردن

لە پەیکەری پیاوەتیت بدەم و

ئاڵای ژیاندۆستی لە دوندی ئەوینی خۆم هەڵبکەم

(۱۲)

برینەكانی جەستەم

ڕێگام پێنادەن لە جیاتی ئازار دەستی تۆ بگرم

تۆ لە ڕابوردوی من گەرێ

سەر لەبەریم بیر چۆتەوە

بیرم نایە كەی تۆم بینی

كام ساڵ و وەرزی تەمەن بوو

تۆم تیا ناسی

لە كام بەروار خۆشم وویستی

(۱۳)

نزا

ماوەیەكە زۆر لێت توڕەم

زمانم بە خراپ ئەگەڕێ

چی دووعای بەدو خراپە

بە زارما دێ

وەلێ كە بۆنی تۆ دێنێ

سپێدان بە نەرمە (با)یە

نەك تەنها جارێك دڵی من

هەزاران جار

باڵا گەردانی بۆنی تۆو

سووپاسگوزاری خودایە

(۱۴)

[لەكۆتایی ساڵدا]

وا ئەمشەویش مۆمێكی تر

لەتەمەنم كوژایەوە

هەرچی خۆزگەو ئاواتم بوو

وەك بەفری چیا توایەوە

وا بەستە نیم بەهیچ سالێك

بۆمن یەكە چوار وەرزی ساڵ

كەتۆ ڕۆشتی كێ شك ئەبەم

بۆ خەمی من ببێ بەماڵ

بەخێرایی دێت و دەڕوا

ساڵنامەی پیریم دەنێرێ

ساڵێكیش دێت تەمەن پڕكا

ڕۆحم بە مردن بسپێرێ

(۱۵)

هەرچی شیعرو شانامەیە

بۆیان نووسی

بە قەدو باڵای گۆیژەیە

ملوانكەی شیعریان

هەڵواسی

كەسێ نەبوو بوێرانە

بلێ كوا خزمەت گوزاری

شەقام پڕە لە چاڵ و چۆل

بێ ساحێبە سلێمانی

(۱۶)

خۆشم دەوێت وەكو باران

وەكو كڵۆی بەفری سپی

كە دێتە خوار

لە شەوی درێژی زستان

(۱۷)

ئازارەكانت چەند بەسوێن

ئەی نیشتمان

ئەلێی ئازاری جەستەمە

بەشان و مڵما ئەگەرێن

هیچ ئاسۆیەك بەدی ناكەم

هەر تارماییە ئەبینرێت

ترپەی پێی باهۆزی شەڕ دێت

بۆنی خوێن و

سەمای غەدرو

شەرو كوشتن

لەو هەوارەی ئێمە نابڕێ

(۱۸)

ئێوارەیەكی پەمەیی بوو

بۆت ئەگەڕام

بۆ دۆزینەوەی تۆ

پەنجە تەزیوەكانم

دڵی شكاوی ئومێدیان

دا ئەگیرساند!

ترس و گومانە بێ ڕەنگەكان

بێ هیوایی تەمەنی دوێنێ و ئەمڕۆیان

بەرەو فەنا بوونی عەدەم ئەبرد

ئەوە من بووم

بە ڕۆیشتنی تۆ

پێكی ژەهری پڕ ئەندێشەم ئەنۆشی

هەموو شەوێ

بە وشە و شیعر

خەونە بەدینەهاتوەكانی

باوكم و...

ئازارە نەبڕاوەكانی دایكمم

لەسەر سینگی بیرەوەریەكاندا

ئەنووسیەوە!!

بەدەستە لەرزۆكەكانم

حەسرەت و تارماییەكانی هەموو تەمەنم، ئەسڕیەوە!

ئەوە من بووم

سێبەری ژێر دارتووەكانم

ئەكرد بەجێ ژووان!

بۆ نۆبەرەی ماچ

باوەشم بە وجوددا ئەكرد

تا لەبەرچنەی خۆشەویستی

خاڵی ئەبوون

پێش ماڵئاوایی حەزەكان!!

٭٭٭

وەلێ ئێستا

لەناو سەركێشی ژیان و مردندا

نمایشی مەرگ ئەكەم

ئەوە منم بیرت ئەكەم

ئەوە منم بۆت ئەگەڕێم

شار بەشارو...

ماڵ بەماڵ و...

كوچە بەكوچەی كۆڵان

نە... ئەتدۆزمەوە!

نە... پێت ئەگەم!

(۱۹)

لەناو دڵی پاییز ئەنووم

هەموو شەوێ

سەر ئەكەمە كۆشی یادت

وەكوو جاران

ئەلێم ئیلاهی هەر شەو بێ

ڕۆژی رووناكم بۆ چیە

كە بێ ئەو بێ

(۲۰)

لە پاییزدا یەكمان ناسی

هەناسەكەم

بیرت ماوە

یان لە حەژمەت دەردی دوری

خەمی منت وەلا ناوە

بیرت ماوە

لەژێر گەڵا وەریوەكان

نیگاكانمان تێكەڵ ئەبوو

نەك  دوو چاوم

هەزار چاویش

لەڕوانینت تێر نەئەبوو

(۲۱)

من چیمداوە لە پاییزو

شەوی درێژو تەنیایی

بەدیار مۆمێك بتوێمەوە

ئەشك بڕژم تا كۆتایی

(۲۲)

من دەمێكە دڵم پڕە لە پاییزو وەرزی خەزان

چۆن بێزار بووم لە وەرینی گەڵاو گوڵ و ڕۆح هەڵوەران

كوا پاییز بۆمنە گوڵم بۆ یەكێكە دڵی خۆش بێت

لەشەوی درێژی یەڵدا دەست لەگەردن سەر لەكۆش بێت

(۲۳)

سەرم خستە باوەشی خەو

تا خەوی پێوە ببینم

هێندە چاوم وەنەوزەی دا

نە بەدیداری گەیشتم

نە چاوانم چوو بە خەودا

چاوی ئاوساو بێ خەوم

ڕۆحی بێ جەستەو بێ ئەوم

فكرو هزری ئاڵۆزكاندم

هێزی ئەژنۆی لەدەستداوم

ئەستێرە كز بوو بێ سەما

لەگەڵ(مانگ) دا ونبوو نەما

سەدای مەلاو بانگی بەیان

تاریكی شەویان تێپەڕاند

گزنگ هات

دونیا رووناك بوو خۆر هەڵات

نە چاوانم چوونە خەوو

نە ئەویش هات

(۲۴)

بە گوومانم لەو گەشتەبێ هودەی ژیانە

كە سەرگەردانی تراویلكەی ئەوینێكە

هەرچەند ڕاكەم

بە سێبەری هەنگاوەكانم ڕاناگەم

ترسم هەیە

لە هەورە گرمەو لەباران

لە سەمای مەرگی گەڵاكان

لە ڕەشەبای بە  لورە لور

دەنگی كوكوختی بێت لە دوور

ترسم هەیە

لەشەوی ئەنگوستە چاوە تاریكەكان

لە هەواڵی بە پەلەی سەر تیڤیەكان 

لە تراژیدیای مردن و

كۆتایی هێنان بە ژیان

(۲۵)

بەر لەوەی هەوری تفت و تاڵ

ئاسمانت لێ بتۆرێنێ

رق و قینە

بەسەر سەرتا دابارێنێ

شەوی درێژی پاییزت

شەتڵی ترسی تیا بروێنێ

چاوەرێتم كە بیتەوە

(۲۶)

لێم مەپرسە

قاوەكەت بە تامی چی بێت

عەرەبی بێت یاخود قەزوان

بۆ من هیچ كام فەرق ناكات

گەر كوپێكمان كرد بە دووان

(۲۷)

سیمای جوانیەكەی نەماوە

وەکو جاران سلێمانی

كوا خەندەی لێوی شیرین و

بەزم و سەفای ئێوارانی

هەوری خەم وغوباری ترس

بەری ئاسمانی گرتووە

سیمای گەش و پڕنورەکەی

هاوشێوەی ڕەنگی مردووە

بۆتە جێگای نیگەرانی

چی پیرو گەنجی وڵاتە

هەر ڕەوەو كۆچی گەنجانە

بەو رێیەی هات و نەهاتە

ڕۆژگارێکە وا تێ ی کەوتوین

تێر بێ ئاگایە لـەبرسی

هەمووی بوە بە قوربانی

پارەو دەسەلات و كورسی

(۲۸)

چئێرە چۆڵە

هیچ مرۆڤێك بەدی ناكەم

هەر تارماییە ئەبینرێ

چۆن جمەی دێ

لێو بەبارو

رەنگیان زەردو

خانە لەخەم

نەخشپەیێ

نە سروەێی

نەفزەو دەنگیان لێوە دێ

ڕۆژگارەكانمان تێپەڕاند

وا هاوینیشمان بەسەر چوو

جا شەوگاری ئەو پاییزە

چۆن بەسەر چێ؟

كە (نان) نەبێ (نەوت) نەبێ (مووچە)نەبێ

ئیلاهی چۆن ژیان ئەکرێ؟!

٭٭٭

بۆ كوێ بڕۆم؟

هەر گازندەو گلەییە

باس باسی ژیان و مووچەیە!

نەنكم گوتی:

جارانی زوو

خاوەن ڕان و مێگەلەكان

بەئایەت و جزووی قورئان

دەمی گورگەكانیان ئەبەست

تا ڕاوە مەڕیان پێ نەكرێ

مەڕەكانیان لێ نەخورێ

كەچی ئێستا

لە بری گورگ

دەمی مرۆڤمان ئەبەستن

ئازادییان لێ زەوت ئەكەن

هەتا گردبوونەوە نەكرێ

قوت و مووچەو مافیان بوخرێ

سەیر كەن چۆن قڕو قەپین

لەسەر فیس و ئەنتەر نێتا

هەر خەریكی گالتەو گەپین

دەك پیرۆز بێ

ئەی دەوڵەتدار

نەبووەو نابێ

میللەتی وا

نقەی نەیێ وەك بەردو دار.

(۲۹)

چیت ئەوێ با پێشكەشت كەم

لە هەردوو چاوم دەست پێبكەم

گەر بەدڵم رازی قوربان

دڵێك بەسە بۆ هەردوكمان

داوای رۆح كە من ئەتدەمێ

تۆ دڵخۆش بە

من  لەخۆشیا هەموو

جەستەم پێ ئەكەنێ

(۳۰)

تۆ ئەزانی؟

هەموو ڕۆژێك لەسەر ڕێگات

ڕادەوەستم

وەكو جاران گوێ هەڵئەخەم

بۆ خشپەی پێت

بۆ تارمایت

بۆ سێبەرت

بەس نایبیستم

ئاگات لێیە گشت ئێواران

لەژێر هەمان شۆڕەبیكەی جاری جاران

دەستەكانم بەڕاست و چەپ

لەسەر سنگم  دەئالێنم

چاوەكانم هێندە ماندون

بە حەسرەتن بۆ هاتنت دائەمێنن

تۆ ئەزانی؟

لەدوای كۆچت

شار لە پاشماوەی جەنگ ئەچێ

كۆڵان بێدەنگ

شەقام بێڕەنگ

نەجێی دەست و نەشوێن پێت و

نەهەست و جوڵەت ئەبینرێ

تۆ ئەزانی؟

چاوەروانی لەنێو دوودڵی و

ڕارایی چەند گرانە

چەند بەسوێیە ئازارێكی چەند بەژانە

دەردە، پیربونە، مردنە

هەرچی خۆزگەو خەون هەیە

لە ڵێواری نغرۆبونە

(۳۱)

من نەك گوڵێك

باخچەیەك گوڵت بۆ دێنم

تۆ ڕازی بە

دڵت بوێت بۆت دەردێنم

(۳۲)

[کوانێ نەورۆز!؟]  

كوا نەورۆزو  وەرزی بەهار

كوا بادەو دووچاوی خومار؟

كوا بەزمی دەم ئێوارانی

كوا سەمای دۆست و یارانی؟

كوا هەڵپەڕكێی كوڕو كچان

ئاڵاو واڵای جلی كوردی و

شاڵ و فەرەنجی هەورامان؟

بۆ مامە یارە وا چۆڵە؟

بۆ لەوێ نین گورزی تۆڵە؟

گۆیژەو ئەزمڕ بۆ بێدەنگن

شەقام بێ جوڵە و بێ ڕەنگن؟

كوا نەورۆزی ساڵی جاران

بۆ کپ  و بێدەنگن یاران؟

كوا ئاگری نەورۆزی زوو

بڵێسەی بۆ ئاسمان ئەچوو؟

كاوە بۆ سەر ناداتەوە

نەورۆزمان بۆ نوێكاتەوە؟

مێشكی زووحاك بپژێنێ

كۆتایی بە زوڵم بێنێ

ئەوسا هەموومان پێكەوە

بەیەكدەنگ و یەك رەنگەوە

پڕ بە دڵمان هاوار ئەكەین

نەورۆز لە گوندوشار ئەكەین

نەورۆز بۆ گەل و هۆز ئەکەین

لە گشت كوردێ، پیرۆز ئەكەین

(۳۳)

یا ئیلاهی

چۆن بتوانم دەنگم

بەنیگای تۆ بگا؟

لەم گەردونە جەنجاڵەدا

لەپشت هەموو خونچە

گوڵێك

دڕكێ دەچێ بە دڵمدا

ئاسمانت لێ كڵۆم داوم

هەنگاوەكانیشم ئیفلیج

هەرچەند ئەكەم

دەستی نزام بە تۆ ناگا

باغی ڕەزی یادەوەریم

هیچەو هەر هیچ

پڕ لەتامی ترش و تاڵی

دەمی خۆزگەم بە تۆ ناگا

یا ئیلاهی

ئەزانی بۆ گەیشتنم

بە ویسالت

چۆن ئەسوتێم؟

دە بەتەنیایم مەسپێرە

من دەمێكە

تەنیایی هێزی بڕیووم

بهێڵە با...

لەگەڵ سەمای نەورەسەكان

ئاوێتە بم

با بەسەدای دەنگی قورئان

دەرویش ئاسا

دێوانە بم

یا ئیلاهی

لەبەر گەورەیی و شكۆی تۆ

زیكرم پڕ كرد

لەتۆبەی كفرو گوناهم

تا بۆ جارێك

نزاكانم بگا بەتۆ

(۳۴)

كە من هاتم تۆی لێنەبووی

قوڵپی هەنسكی پڕ غەمێك

خۆی خزاندە نێو جەستەم و

ڵێلیكرد سۆمای چاوانم

كەمن هاتم تۆی لێنەبووی

مەنگ بوو دەریا تۆفانی مەرگ

هەردوو گوێچكەكانمی كەڕ كرد

كە تۆی لەوێ بەدی نەكرد

(۳۵)

دڵم پڕە هێندەی دڵی

ئەو پاییزەی بە رێوەیە

خۆم ئەزانم پاییز بۆ من

چ حەسرەتێكی پێوە یە

سیمای جوانی پاییز بۆ من

بوو بە خە زان و دڵشكان

كوا ئاسوودەو خۆشی ماوە

نەك من دڵی زۆر ی ڕەنجاند

من پێمخۆش بوو لەگەڵ پاییز

پێكەوە بین وەك دوو هاوڕێ

زۆر دوور بووم لەو خەیاڵانەی

دێت و ڕۆحی تۆی لێم ئەوێ

لێوی تاڵم شیرین ئەبوو

بەخەیاڵت هەموو شەوێ

كەچی لەشەوی  پاییزدا

تەنیایم هەر تۆی لێم ئەوێ

(۳۶)

چیتر لەپەنجەرە تەڵخ و...

تەماویەكان بۆ نیگاكانت ناڕوانم!

ئیدی زمانم گۆ ناكا وەك جاران

پەردەی شەرم

لەسەر رووخسارم رادەماڵم

هەموو ئەو گرێ كۆێرانە دەكەمەوە

كە رۆژگارەکان بۆیان هێنام!

پاییز ئەكەمە خەڵوەتێك

تا هەنسكە ژانی بێ ئۆقرەیم

بدا بەدەم (با)دا

ئیتر نایەڵم

زەردە خەنەكانت بمخواتەوە

گۆێ بۆ چرپە نەفرەت لێكراوەكانت ناگرم

نابم بە بەهارت

تا بە لێوت ماچەکانم بچنیتەوە

چیتر وەرزەكانی سەفەرت

ئاوەدانم ناكەنەوە.

دڵم بە توڕەیی و لاساریەكانت دەتەنێ

جارێكی تر...

باوەشم جێگای تۆی تیا نابێتەوە

ئێستا فرسەتەكان

یادەوەریەكانم لێ ئەڕفێنن

بەختەوەریم لێدەكەن

بە تەرمێكی سارد

سارد وەك هەناسەی منداڵێكی

بێ نەوای سەر شەقام

سارد تر لە هەنسكی ئەو دایكەی

كوڕە تاقانەكەی لە شەڕی براكوژیدا

تائێستاش بێ سەرو شوێنە!

وەك ئەو پیرە مێردەی

لە ناو بازاڕ

بە دیار دووجوت گۆرەویەوە

پەڕاوی سیگار

لەنێو دەستە لەرزۆكەكانیا

بە توتنی ئازار ئەپێچێ و...

گڕ لە حەسرەتەكانی ژیان بەر ئەدا

بە ئازارتر... لە هەناسەی

ژنە دەست قڵیشاوو ماندووەكانی

بەر بەلەدیەكە!

كەبەدیار سەبەتەیەک پەڵپینە و گەڵا مێوەوە

هەڵكوڕماون!

تەنها بەسەیر كردنیان

پڕئەبی لە بێدەنگی

ئێستا من پیاسە و گەڕانی هیچ پاركێك و... هیچ شەقامێك دڵم خۆش ناكەن!

رقم لە هەموو ئێوارە پر حوزنەكانە

کە ئەمبەنەوە سەر...

برینە قوڵەكانی دابڕان و...

جودایی!

کاتێ نەورەسەكانی سەر شەپۆلەكانی دەریا

باڵ لێك ئەدەن و...

سەما بۆ خۆشەویستی ئەكەن!

دڵم... دائەخورپێ! لە

گمە گمی كوكوختیەكان

پێشبینی هەواڵی ناخۆش ئەهێنن!!

هێڵنج ئەدەم

لە شەپۆلەكانی دەریا

كاتێ (ئایلان) ئەبینم

بە بلوزی سوورو قۆنەرە شینەكانیەوە

كەس بە هاواری ناگا!!

دڵم پڕە...

پڕتر لە دڵی نیشتمان

كە ئەبینم هەر رۆژەو...

بەدەست باوە پیارێكەوە

دەستدرێژی ئەكرێتە سەر

رووت رووتی ئەكەنەوە

هیچ شۆڕشگێڕێك خاوەنداریەتی ناكا

من ئەمەوێت...

لەو خەوە غەفڵەتیە ڕاچڵەكێم و

بەئاگا بێمەوە!!

چیتر نەبم بە بەشێك لەتۆ

چاوەكانم بۆ روانینت نەڕێژم

ئەمەوێت...

هەر خۆم بم ، وەك خۆم

چیتر جێ پەنجەكانم

بەسەر نیگاكانتەوە نەمێنێ!

ئەمەوێت...

تەنیایی خۆم...

لەسەر لافیتە رەشەكانی پرسە بنووسمەوە!

بە هەموو دیوارو كوچەو كۆڵانەكانی شار هەڵیواسم!

ئەمەوێت...

بە هەموو مرۆڤەكان بڵێم

من ژنێكم لە جنسی پەپوولە

سەمای شنەبا

بانسێكی ئەم ڕۆژگارە ئەبەخشم

بە گوڵە دەم بە خەندەكانی نێرگز!

ئەمەوێت...

وەك خۆم بم!!

نە وەك ئەوكەسانەی...

كە بەرووتدا پێ ئەكەنن!!

لە پشتا ترش و خوێ ئەكەن

بەسەر برین و ئازارەكانتا

ئەمەوێت...

لە ژوورەكەمدا بێدەنگ بم

بێدەنگ بێدەنگ...

دوور لەساتەكانی بێزاریم!!

ئەو بێزاریەی...

كە بۆتە ڕێچكە ڕێی ژیان و تەمەنم!!

ئیتر تۆش...

پرسەی كەسێكی نادیاری دووریت ئەبێتەئەسەف و...

تەنها دوو دڵۆپە فرمێسكی پەشیمانی!!

ئەوسا منیش...

بەهەناسەو گڕو تینەوە

لەژێر رێژنە بارانی پاییزدا رادەكشێم و...

سەر ئەخەمە سەر تێكستی شیعرەكانم و...

بە ئەسپایی ئەچرپێنم بە گوێی وشەكان و پێیان ئەڵێم:

ئەگەر ئێوە نەبوونایە...

باران زاتی ئەوەی نەبوو

رۆحی پەپولەیم بشواتەوە!

ئەگەر ئێوە نە بوونایە

رۆحم ئەچوە سەر كۆڵانەكانی جەفا

ئەگەر ئێوە نەبوونایە

شەقام لەسەر پشت هەڵیدەگرتم

تا ئەو پەڕی دنیا!!

ئەگەر ئێوە نەبوونایە

نە كتێب ئەبوو !!

نەشیعرو

نەفەرهەنگ و

نە قەسیدە

(۳۷)

من چیم نەكرد!؟

بۆ بەدەستهێنانی تۆ

سەرم لە مەرقەدە پیرۆزەكان ئەدا

بەردێكی بێ گیان و ڕۆحم

ڕائەسپارد بۆ نزاو تكا

ئێستا خۆم لەڕابووردووئەدزمەوە

ئیدی ڕۆژی من بەسەر چوو!

لەوە ئەچێت هەوای بێدەنگیت

سییەكانم لەناو بەرێت

ئێستا چاوەكانم

لە هەمبەر تۆدا ڵێل و تاریكن

ئەبێ ئێوارەكانم داگیرسینم

خۆم لەو تاریكیە دەركەم

وەنەوز لە نێو دوودڵیی خەونەکاندا ناكرێ!

ئەبێ تۆبە بكەم

من كە گوناحێكی گەورەم نەبێ

كەمتر پێویستم بە تۆبەیە

بۆ ئەوەی بەهەشت بناسم

ئەبێ  ڤۆدگا تەرك بكەم

ئەبێ ببمە ژنێكی باڵا پۆش

ئەبێ خۆشەویستی هاك كەم!!

ئەبێ و...

      ئەبێ و...

         ئەبێ...

(۳۸)

ئێوارەێكی درەنگان بوو

خۆر  وەنەوزی خەوێكی قوڵی ئەدا

تارماییت بە شوێن پێكانما دەگەڕا

وەكوو لاو لاو

باوەشی بە دیواری دڵما ئەكرد

بەسەر چرۆی تەمەنما هەنگاوی ئەناو

رەت ئەبوو

لێ ئەسەف هێدی هێدی

لێم دوور ئەبوو

تا ئەو كاتەی بە یەكجاری

دوور كەوتەوەوو

لەچاو ون بوو.

گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی

۱
۰
زانا کوردستانی
زانا کوردستانی
مردی گمنام عاشق لیلا و رها...
شاید از این پست‌ها خوشتان بیاید